Skip to the content

په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له ‌یادی ٣٣ ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالی بادیناندا

ئه‌مڕۆ یادی تاوانێكى دڕندانەی دیكه‌ی ڕژێمی به‌عس دژ بە گه‌لی كوردستان و مرۆڤایەتى ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش یادى (٣٣) ساڵه‌ی کارەساتی ئەنفالى بادینانه‌، له‌و ڕۆژه‌دا ڕژێمى به‌عس بێ جیاوازیکردن لەنێوان پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکان، کریستیان و موسڵمانانى له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ لە دواقۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا کردە ئامانج و مزگەوت و دێر و کڵێسا و مەزارگەکانى خاپوورکردن، دەستى لە مرۆڤ و ژینگە و سیماکانى ژیان نەپاراست و تاوانێکى دیكه‌ی بێوێنەى لە مێژووى مرۆڤایەتیدا ئەنجام دا و هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى شەهید و بێسەروشوێن و سەدان گوندیشى وێران و به‌ دەیان هەزار کەسیشی ئاوارە و دەربەدەر کرد.
لەم یاده‌ كاره‌ساتباره‌دا هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ هەرچی زیاتر کارکردن له‌سه‌ر ناساندنی تاوانکارییەکانی دژی خەڵکی کوردستان بە جینۆساید و سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێت دەوڵەتی عێراق بەپێی دەستوور بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانیان لە ئەستۆ بگرێت و تەواوی مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بسەلمێنێت، هاوکات کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بەرپرسە لە گەرەنتیکردنی پاراستنی خەڵکی کوردستان لە دووبارەنه‌بوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە.
بۆیە پێویستە لە داکۆکیکردن و چەسپاندنی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردستان، هێز و لایه‌نه‌ سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و خەڵکی کاریگەری کۆمەڵگه‌ بە یەکەوە پێداگیریی زیاتر بۆ چەسپاندنی مافەکان و پاراستنی قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمی كوردستان بکەین بۆ بەهێزتر نیشاندانی خواست و داوا و مافی خەڵکی کوردستان.
دروود بۆ گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریى کوردستان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢١/٨/٢٥