Skip to the content
Menu

شاندێکی كونسوڵخانەی كۆمارى ئیسلامیی ئێران سەردانی لیژنەی ڕۆشنبیری دەکات

بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان له‌ بوارى ڕۆشنبیرى و كلتوورییه‌وه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/٢٤، شاندێکی كونسوڵخانەی كۆمارى ئیسلامیی ئێران، کە پێکھاتبوو لە مالک ھاشمی، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و کلتووری و حسێن سلێمانی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی كونسوڵخانەكه‌، سەردانی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی وەرزش و لاوانی په‌رله‌مانی كوردستانی کرد و لەلایەن سەلمە فاتح، سەرۆکی لیژنە و فەیسەڵ عەباس ئەندامی لیژنەكه‌ و مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری لیژنەكه‌وه‌ پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەندە ڕۆشنبیری ھونەری و کلتوورییەکانی ئێران و ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چالاکیی ھاوبەش، شاندی میوان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان ئامادەن خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ھەرێمی کوردستان بکه‌ن.
لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنە ئامادەیی دەربڕی بۆ ھەموو ئاسانکارییەک بۆ خزمەتکردنی گەنجان و لاوانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خول و چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا.