Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی پێشمەرگە سەردانی میحوەرەکانی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دھۆک ده‌كات

بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وشی میحوەرەکانى هێزی پێشمه‌رگه‌ و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان، ڕۆژی سێشه‌ممە ٢٠٢١/٨/٣، شاندێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ڕێڤینگ ھڕۆری سەرۆکی لیژنە، عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکى لیژنە، ڕزگار محه‌مه‌د بڕیاردەرى لیژنە، ئەبوبه‌کر ھەڵەدنی و سه‌عید ھه‌رکی، ئەندامانی لیژنەكه‌، سه‌ردانی چه‌ند میحوه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك کرد.
شانده‌كه‌ سەردانی میحوەرەکانی دەشتی نەینەوا و تلسقوف و ناوەران و ڕۆژئاوای دیجلەى لە سنووری پارێزگای دھۆک کرد و لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسی ئەو محیوەرانە کۆبووەوە و ڕه‌وشی میحوه‌ره‌كان و كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانیان تاووتوێ كرد و شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان به‌ڵێنیان پێدان كه‌ ھەوڵەکانی خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان.