Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی شارەوانی سەردانی وەزارەتی شارەوانی دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە خزمەتگوزاریی گشتی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٨/٣٠، شاندێکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بە سەرۆکایەتیی لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى كرد و لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبووەوە .
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان و ستافی وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەسەر پرسی خزمەتگوزاریی گشتی و کێشەی کەمیی ئاو و پەلەکردن لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاونیشتمانییانی کوردستان.
لە بەشێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌کەدا گفتوگۆ کرا لەسەر گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پرۆسەی ڕیسایکلین گرنگیی زیاتری پێبدرێت کە بتوانرێت سوود لە پاشماوەکان ببینرێت بۆ مەبەستی پەینی کیمیایی و مادەی پلاستیک.
لەکۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سەرۆکایەتیی لیژنە داوایان لە وەزیری شارەوانی کرد سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار بۆ لیژنەكه‌ ڕەوانه‌ بکەن بۆئەوەی لە کاتی خوێندنەوەی دووەم سوودی لێ ببینرێت، ئامانج لەم پێشنیازەیاسایەش ڕێکخستنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزارە له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆئەوەی وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داھات سوودی لێ وەربگیرێت.