Skip to the content
Menu

شاندێكى باڵای دیوانی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٢٥، شاندێكى باڵای دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئەردەلان محه‌مه‌د سەرسپی، سەرۆکی دیوان و بە ئەندامیه‌تیی هەریەکە لە هیوا نصرالدین، جێگری سەرۆکی دیوان و ژمارەیەک لە ڕِاوێژکار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقى کرد و لەلایەن د. سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگری ئەمینداری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ھۆڵی دەستوور پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، د. سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆشحاڵیی خۆیانى بەو سەردانەی سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەری دەربڕی و جەختییان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، بە تایبەت لە بواری گۆڕینەوەی زانیاری و سوود وەرگرتن لە توانایی و ئەزموونەکانی یەکتر.
لەلایەن خۆشییەوە ئەردەڵان محه‌مه‌د سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی ئەمینداریه‌تیی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد و ئامانجی سەردانەکەیانى خستە ڕوو کە پەیوەستە بە هەماهەنگیی زیاتر و گۆڕینەوەی توانایی و شارەزایی لە ڕووی دامەزراوەییەوە.
پاشان شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان سەرجەم بەڕێوەبەراییەتییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران وپڕۆتۆکۆل و کارگێڕیی بەسەر کردەوە و هەریەک لەو بەڕێوەبەرایەتییانە شێوازی کارکردنیانى بۆ شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕوون کردەوە، لە ڕووی کارگێڕی و یاسایی و هونەرییەوە و بەم شێوەیە یەکەم ڕۆژی سەردانە فەرمییەکەی شاندی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات.