Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان به‌جیا له‌گه‌ڵ تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان لە عێراق و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی كۆبووه‌وه‌

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٨/٢٥، منی نبی قهوچی، سکرتێری پەرلەمانى كوردستان، لە دوو کۆبوونەوەی جیادا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پێکهاتەکان، لەگەڵ تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان لە عێراق و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە بواری پەرەپێدانی پەروەردەیی کۆبووەوه‌.
له‌ هه‌ردوو کۆبوونەوەکەدا سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لە پەرەپێدانی پەروەردەیی و گەشەپێدانی مرۆیی کرد و ڕایگەیاند: "کار و هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی مەدەنی لە بوارەکانی پەروەردەدا بەرز دەنرخێنین و هەوڵێکە بۆ زیاتر بەهێزبوونی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستاندا". لای خۆشیانه‌وه‌ هه‌ردوو شاندی میوان، لە دوو پڕۆژەیاسای جیادا کۆمەڵێک سەرنج و پیشنیازیان پەیوەست بە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و هەمواری یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان خستە ڕوو، دوای گفتوگۆ و تاووتوێکردنی پڕۆژەکان بەشێوەیەکی ورد و خستنەڕووی کەم و کوڕییەکان لەلایەن شاندی میوان، سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بە گرنگیی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرد و بە وردی رۆڵی ئەو یاسایەی لە دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.
دواتر سەرجەم ئەندامانی ئامادەبوو سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان باس کرد و لە کۆتاییشدا بڕیاردرا هەردوو پرۆژەکە بەهەند وەربگیرێن و بە هەماهەنگیی لایەنی پەیوەندیدار و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کاری جدیی لەسەر بکرێت و لە داهاتوودا بکرێتە ئەولەویەتی کاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پێکهاتەکان.