Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە تورکمانییەکان كرد

ئه‌مڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/٢٤، منی نبی قهوچی، سکرتێری پەرلەمانى كوردستان، بە ئامادەبوونی ئازاد کورەچی و سارا دڵشاد، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە تورکمانییەکان كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ هۆڵی پڕۆتۆكۆل به‌ڕێوه‌چوو، سکرتێری پەرلەمان ڕۆڵ و کۆشش و هەوڵەکانی مامۆستایانی لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن و پەروەردە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "مامۆستایان ئەرکێکی پیرۆز و گەورە جێبەجێ دەکەن و نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان پێدەگەیه‌نن".
لە بەشێکی دیكه‌ى کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی کێشە و گرفتەکانی خوێندنی قوتابخانە تورکمانییەکان کرا، له‌وانه‌ كه‌میی میلاكات و کۆمەڵێک کێشەی کارگێڕی و تەکنیکی، کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بە وردی خرانە ڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
سکرتێری پەرلەمان بەرنامە و کار و هەوڵەکانی پەرلەمانی پەیوەست بە پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە بەگشتی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "بۆ کێشەکانی قوتابخانە تورکمانییەکانیش بە هەماهەنگیی وەزارەتی پەروەردە و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان هەوڵەکان چر دەکەینەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتر بەڕێوەچوونی ڕەوشی خوێندنی تورکمانی".‎