ڕاسپارده‌كانى هه‌ردوو لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند سەبارەت بە به‌دواچوونیان بۆ دۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سەنگەرەكان په‌سند كرا و بوو به بڕیار
سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢١/١٢/٨، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١١)ى ئاسایی خولی پایزه له ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سەره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى خوێنده‌وه.
به‌ر له ده‌ستكردن به خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه، ئاماژه به بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له ماده‌ی (٤٨)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرد كه ڕه‌زامه‌ندى بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خاڵی پێنجه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌ى لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له ساڵڕۆژی ڕێككه‌وتننامه‌ى تاوانی جینۆساید و سزادانی بكه‌رانی ١٩٤٨/١٢/٩، بكرێته خاڵی یه‌كه‌م، ئه‌وشی خسته ده‌نگدانه‌وه و به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا و به‌مجۆره له‌لایه‌ن سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌یاننامه‌ی لیژنه‌كه خوێندرایه‌وه كه تێیدا تاوانی جینۆسایدیان به یه‌كێك له تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه مه‌ترسیداره‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه له ٩ى كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٨ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و ئاشته‌وایی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و ڕێگریكردن له دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕی شه‌ڕانگێز و تاوانى كۆمهڵكوژیى مرۆڤه‌كان ڕێككه‌وتننامه‌ى قه‌ده‌غه‌كردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی بكه‌رانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خسته ڕوو.
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌و تاوانانه كرد كه ڕژێمه یه‌ك له‌ر دوای یه‌كه‌كانی عێراق ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كورد و گه‌لانی كوردستان ئه‌نجامیان داون و داوایان كرد كه ئه‌و تاوانانه به‌جینۆساید بناسرێنرێن و قه‌ره‌بووی مادى و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاریان و ئه‌و ناوچانه‌ش بكرێنه‌وه كه به‌ر ئه‌و شاڵاوی تاوانانه كه‌وتوون.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه دەست لە كاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز (سیروان فه‌ره‌ج محه‌مه‌د) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی پەیوندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی)، بەپێی حوكمی ماددەی (٢٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان خرایه ده‌نگدانه‌وه و به ده‌نگى (٥١) ئه‌ندامى په‌رله‌مان په‌سند كرا.
به‌پێی خاڵی سێیه‌مى به‌رنامه‌ی كاریش، كه بریتی بوو له خستنەڕووی بەدواداچوون و ڕاسپاردەی هەردوو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، سەبارەت بە هێرشەكانی ڕِێکخراوى تیرۆریستیى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، به‌هۆی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه و ئاماژه به بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له ماده‌ی (٤٨)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرد كه كێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه ئه‌و خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه به داخراوی بێت و ته‌نیا په‌خشكردنی ڕابگیرێت، ئه‌مه‌ش به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره له‌لایه‌ن هەردوو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، به‌دواداچوون و ڕاسپارده‌كانى هه‌ردوو لیژنه‌كه سەبارەت بە هێرشەكانی ڕِێکخراوى تیرۆریستیى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە خرایه ڕوو كه تێیدا ئه‌نجامى به‌دواداچوونه‌كانى هه‌ردوو لیژنه‌كه بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ى له‌خۆ گرتبوو، كه له دانیشتنێكی پَشووتردا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕاسپێردرابوون، له ڕاپۆرته‌كه‌یاندا تیشكییان خستبووه سه‌ر بارودۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سه‌نگه‌ره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌موكوڕی و كێشانه‌ى كه هه‌ن له ڕووی پێداویستیی سه‌ربازی و لۆجیستییه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ندین ڕاسپارده‌شیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه و كه‌موكوڕییانه خستبووه ڕوو.
له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه ڕاسپارده‌كانی لیژنه‌ی هاوبه‌ش به‌و ئیزافانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه خرانه ڕوو، خرایه ده‌نگدانه‌وه و به كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا.
به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كاریش، كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و كاروبارى ئابووری لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابووری، كه له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه، ناوونیشان و ماده به ماده و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژه‌یاساكه خوێندرانه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ده‌خرانه ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده بكرێت.
به‌مجۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به دانیشتنه‌كه هێنا.