Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی تاووتوێی کێشە و گرفتەکانی خوێندنی ئیسلامی دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و گرفتەکانی خوێندنی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٢/٢٠، لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بە بەشداریی نوێنەرانی قوتابخانە و خوێندنگە ئیسلامییەکان كۆبووەوه.
لە دەستپێکی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لە بایەخدانی زیاتر بە خوێندنی ئیسلامی کرا بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئاینی و بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی و میانڕەوی لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەروەها بە گرنگییەوە ھەڵوەستە لەسەر دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکھێنانی لێژنەیەکی تایبەتمەند بۆ دیراسەتکردنی بابەتی دامەزراندنی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان، پاشان گوێبستی داواکاری و گرفت و له‌مپەرەکانی بەردەم خوێندنی ئیسلامی بوون، بەتایبەت پرسی وەرنەگرتنی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆ و پەیمانگه‌کان، كە بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی سالی ١٩٩٧ی پەرلەمانی كوردستان بڕوانامەی ئامادەیی ئیسلامی بەرامبەر كراوە لەگەڵ بڕوانامەی قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام ساڵانە گرفتی وەرنەگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان ھەیە.
سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە بە کۆی دەنگ جه‌ختییان لەسه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ كرده‌وه‌ و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ بەدواداچوونی كۆى ئەو پرسانەی تایبەتن بە خوێندنی ئیسلامی.