Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوە بە ھاوبەشی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێم کۆبوونەوە

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی پێشمەرگە و ھێرشەکانی ئەم دوایەی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١٢/٧ ھەردوو لێژنەی کاروباری پێشمەرگە و لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندام و ڕاوێژکارانی هەردوو لێژنەکە لەگەڵ شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە کە پێکهاتبوون لە شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عبدالحکیم خەسرۆ سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، و ڕاوێژکارانی وەزارەت و دەستەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ھوڵی پرۆتوکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان بەرێوەچوو، دوای ساتێک وەستان بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان، چەندین بابەت و پرس گفتوگۆ کران بەتایبەت ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم دروست بووە و بووەتە ھۆکاری شەھید و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی. ھەروەھا ئەندامانی لیژنە ھاوبەشەکە چەندین بۆچوون و تێبینییان بۆ شاندی حکومەت خستەڕوو، کە پەیوەندیدار بوون بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە، و بەوردی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
شاندەکە بەڵێنیان بە لێژنە ھاوبەشەکەدا کە ھەموو ھەوڵێک لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەدرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.