Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵیوزخانەی وڵاتی نەرویج لە عێراق کرد

بەمەبەستی تاووتوێکردنی پەیوەندییەکان و دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، نیوەڕوی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/١٢/١٦، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، لە ھوڵی پڕۆتوکۆل له‌ ته‌لارى پەرلەمان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵیوزخانەی وڵاتی نەرویج لە عێراق کرد، کە پێکھاتبوو لە ئێریک، ھەڵسوێنەری کاروباری باڵیوزخانەی نەرویج لە ئوردن و عێراق و ئۆلی، سکرتێری یەکەمی باڵیوزخانەی نەرویج لە عێراق و ئوردن.
لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سەرەتا سەرۆکی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان کورتەباسێکی دەربارەی ئەرک و ھەنگاوەکانی لێژنەكه‌ بۆ شاندەکە خستە روو، دواتر گفتوگۆ لەسەر دوخی سیاسی و ئەمنیی ھەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتی لە ئێستادا کە جموجوڵی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە و چەندینجار پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلیان داوە و سەرئەنجام چەندین پێشمەرگە شەھید و برینداربوون.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە بەرەو پێشچوونی زیاتری پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نەرویج کرا و جه‌خت لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی پەرلەمانی لە نێوان ھەردوولا کرایه‌وه‌.
دواتر لەلایەن لێژنەكه‌وە ڕۆڵی وڵاتی نەرویج لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان و ھاوکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرز نرخێندرا.
شاندی باڵیوزخانەی نەرویج خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان دەربری و سوپاسى لێژنەکەی په‌رله‌مانیان كرد بۆ ئەو پێشوازییە و پشتیوانی و ھاوکارییە مرۆیی و سەربازییه‌كانی وڵاتەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە دووپات كرده‌وه‌، بە تایبەتی لە سەر پرسی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی کۆبوونەوەکە بۆ دەزگاکانی ڕِاگەیاندن خرایه‌ ڕوو.