Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
د. ڕێواز فایق: "ئەرکی حکوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌ پێداچوونەوەیەکی گشتی بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکات"

ڕِۆژی ١٢/٣ى هه‌موو ساڵێک لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دیاری کراوە، دۆخی خراپی تەندروستی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش لە سەرانسەری جیھاندا پرسێکی گرنگ و پڕ بایەخی ڕێکخراوە مرۆییە جیھانییەکان و حکوومەتەکانە،
لە ھەرێمی کوردستانیشدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەھۆی ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی، لە دۆخێکی نالەباردا ژیان دەکەن، ئەوان سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ھەژاریدا لە ململانێیەکی سەختدان و توانای کارکردنیان سنووردارە، بەڵام ھێشتا کۆڵیان نەداوە و لە ھەوڵی بەردوامدان بۆئەوەی بەھرە و تواناکانیان بە جوانترین شێوە بۆ کۆمەڵگەکەی خۆیان بە دیارخەن، بۆیە ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە پێداچوونەوەیەکی گشتی بۆ ڕێژەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکات و بیمەیەکی تەندروستیی شایستە و کەرەستە و پیداویستیی پزیشکیی گونجاویان پێشکەش بکات، بە تایبەت کە لە ئەمڕۆدا داواکاریی سەرجەم چین و توێژەکان، دابینکردنی بیمەی تەندروستییە، ئێمەش لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی دەستڕۆییەکانی خۆماندا ھەموو پشتیوانییەکی داوا و داخوازییە ڕەواکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەین و بەوپەڕی چاوی ڕێزەوە لەو بەھرانەیان دەڕوانین کە ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا پێشکەشی کوردستانی دەکەن، ھەر شاد و سەرکەوتووبن..
د. ڕێواز فایق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/١٢/٣