Skip to the content
Menu

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان ساڵى نوێى زاینى پیرۆز ده‌كات

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، جوانترین پیرۆزبایی لە کوردستانیان و تەواوی گه‌لانى عێراق و جیهان دەکەین.
هیوای ساڵێکی نوێی پڕ ئارامی و کامەرانی بۆ هەمووان دەخوازین، خوازیارین ساڵی نوێ سەرەتاییەکی گەش بێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتییان و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە بۆ بەدیهاتنیان خەڵکی کوردستان قوربانییەکی بێ شووماری داوە.
لێرەشەوە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن و بە هەموومان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنین. هاوکات بە پێویستی دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی فیدراڵی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەبەر ڕِۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکانیان ئەنجام بدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان بدۆزنەوە.
بەم بۆنەیەشەوە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بەیەکەوە وەکو یەک کوتلەی بەهێز بەشدار بن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کار بکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا هیوادارین ساڵی ٢٠٢٢ ببێتە سەرەتای وێستگەیەکی نوێ بۆ زیاتر پێکەوە کارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر و بووژانەوەی زیاتری وڵات و کۆتاییهێنان بە سەرجەم ناخۆشی و نەهامەتییەکان، هاوکات بەهەموو لایەکمان هەوڵ بدەین کوردستان بکەین بە خاوەنی دەستوورێک کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک دیاری بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایه‌تیى پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/١٢/٣١