Skip to the content

د.هێمن هه‌ورامی به‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای پەرلەمان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد

له‌درێژه‌ی زنجیره‌ سه‌ردانه‌كانیدا به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاودێریكردنی كاروباره‌كان له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/1، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانى لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانى كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كردو له‌لایه‌ن ساسان عەونی وەزیرى شاره‌وانی و بریكارى وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ لەسەر ئەو كارو خزمەتگوزارییانە كرا كە لەماوەی ڕابردووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسه‌رجه‌م سێكتەرەكانی وەزارەتدا جێبەجێ كراون و تیشك خرایەسەر گرنگی بەردەوامی ئه‌و خزمەتگوزارییانه‌ی كه‌ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەژیانی هاووڵاتییانەوە، هه‌روه‌ها پلانی داهاتووى وه‌زاره‌ت بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكه‌ى‌ لەچوارچێوەی كابینەكەدا خرایەڕوو.
د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، مەبەستی سەردانى شانده‌ باڵاكه‌ی په‌رله‌مانى بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌بۆ به‌دواداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌كاروبارى دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌‌چۆنیەتیى جێبەجێکردنى یاساکان و وه‌رگرتنی بۆچوونى لایەنى جێبەجێکار لەسەر ئەو یاسایانەى کە لەپەرلەمان دەردەچن، هه‌روه‌ها گەیاندنى خواست و داواكارییەکانى هاووڵاتییان له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌لایه‌نی جێبه‌جێكار، لەو چوارچێوەیەشدا به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ سوپاسی وه‌زاره‌تی شاره‌وانیی كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی شاره‌وانیی په‌رله‌مان هه‌یبووه‌ لەماوەى ڕابردووداو هیوای خواست به‌رده‌وامییان هه‌بێت و له‌خزمه‌تى هاووڵاتییاندابێت و رایگه‌یاند: "ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان لەڕێی لیژنەكانمانەوە ئاماده‌ی هەموو هەماهەنگییەكین له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەو یاسایانەو ئاستی جێبه‌جێكردنیان له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت دەکەین کە لەپەرلەمانی کوردستان پەسەندکراون به‌تایبه‌ت یاسای چاكسازی و یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌سنوورى شاره‌وانییه‌كان زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌".
لای خۆیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریى خۆی به‌و سه‌ردانه‌ى شاندى باڵای په‌رله‌مان بۆ وه‌زراه‌ته‌كه‌ى ده‌ربڕی و به‌هەنگاوێكی ئەرێنى و گرنگی زانی تا لەنزیكترەوە دەسەڵاتی یاسایی كەئەركی چاودێریكردنی حكومەتیشیان لەسەرە، ئاگاداری كارەكان بن و رایگه‌یاند: "ئێمە لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەردەوامیدان بەخزمەتگوزارییەكانمان و هەوڵی بەرزكردنەوەو باشتركردنیان، یەكەم خاڵی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتمان كردووەتە بەشێكی سەرەكیی هەنگاوەكانمان، كەئه‌ویش چاكسازییەو هەوڵمان داوە ڕەنگدانەوەی ئەو كارانەی كراون هاووڵاتییان هەستی پێبكەن، ئەگەرچی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی پشوویەكی درێژتری دەوێت، بەڵام خۆشبەختانە له‌سه‌رجه‌م سێكتەرەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەنگاوی باش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نراون".
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنەی شارەوانیی پەرلەمان، ڕاو پێشنیازەکانی خۆیان بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و خستنەڕووى بابەت و پرسە گرنگەکانى بوارى گه‌شتوگوزار خستەڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرو ستافى وه‌زاره‌ت كردو لەلایەن ستافى وەزارەته‌كه‌شه‌وه‌ ڕوونکردنەوەى پێویست لەبارەى بابەتەکان خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار-یان كرد كەهەر پرسیارو بەدواداچوونێكیان هەبووبێت خێرا بەتەنگ داواكارییەكانیانەوە چوون و بەڕوونی وەڵامیان داوەنه‌تەوە.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، شاندی باڵاى پەرلەمان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەكانی نێوانیان كۆكبوون و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێیڕاگەیاندن هەردەم دەرگای وەزارەت بۆ پەرلەمانتارە بەڕێزەكان كراوەیە تا هەر پرسیارو سه‌رنجێكیان هەبێت بیخەینە بەردەستیان.