Skip to the content
Menu

ڕاگەیاندراوێک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر

بەداخەوە دوێنێ شەو تیرۆریستان لەکارێکی ترسنۆکانەدا بەموشەک چەند شوێنێکی پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد، لێرەوە بەناوی پەرلەمانی کوردستان زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستیيە ترسنۆکانەیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو بەشێک لەگەڕەکەکانی شاری هەولێر دەکەین.
‎هەرێمی کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی، لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ هەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایەو لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوەو پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کەجێگەی هەموو جیاوازییەکانی تێدا دەبێتەوە، بەپلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە، هاوکات دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیش پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکانی بێت، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەلە بکات لەپڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە دەکەن بۆ پەلاماردانی هەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شارو شارۆچکەکانی.
‎لەکۆتاییدا بەپێویستی دەزانین هەرچی زووە ڕێکاری یاسایی لەدژی ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە بگیرێتەبەرو هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
‎سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
2021/2/16