Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی لەباڵیۆزی نەرویج لەعێراق و ئەردەن كرد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 31/1/2021، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە تۆنە ئەلێرسن باڵیۆزی نەرویج لەعێراق و ئەردەن کرد.

لەدیدارێکدا د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەڕەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد، سەبارەت بەهەڵبژاردنی عێراق بەپێویستی زانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکگرتوویی بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن، بەتایبەت لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش لەهەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بەمەبەستی راگۆڕینەوەو دروستکردنی هاوپەیمانییەتی بۆ هەڵبژاردن.

د.هێمن هەورامی تیشکیشی خستەسەر گفتوگۆکانی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بەڕێكکەوتن و دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکە تایبەت بوو بەقسه‌كردن له‌سه‌ر مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش کەرۆژ بەڕۆژ لەزیادبووندایە، له‌وباره‌یه‌وه‌ د.هێمن هه‌ورامی رایگەیاند: "پێویستە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە ئه‌و ناوچانه‌ بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان و رێگریکردن لەمەترسییەکانی داعش".

هەر لەدیدارەکەدا باس لەڕێکكەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و بەربەستەکانی جێبەجێکردنی رێکكەوتننامەکە کرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، بۆ ئەم مەبەستەش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەماهەنگی و پاڵپشتیی هاوپەیمانان و وڵاتی نەرویجی بەگرنگ وەسفکرد.

لای خۆیانەوە تۆنە ئەلێرسن باڵیۆزی نەرویج لەعێراق و ئەردەن ئەوەی خستەروو کە لەئێستادا وڵاتی نەرویج ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەم مەبەستەش باسی لەگرنگی ئەم سەردانەیان بۆ پەرلەمانی کورستان کردو پاڵپشتیی وڵاتەکەشی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و گەیشتن بەڕێكکەوتن لەگەڵ عێراق لەچوارچێوەی دەستووردا خستەڕوو.