Skip to the content

د. ڕێواز فایه‌ق: هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی ڕاپه‌ڕین و ئازادی به‌ری ڕه‌نج و تێكۆشان و نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستانه‌

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/1/2021 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان جه‌میل هه‌ورامی و ژماره‌یه‌ك له‌  پێشمه‌رگه‌ی دێرین وئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ستایشی  ئازایه‌تی و خه‌بات و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كرد و، ڕایگه‌یاند:"هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی ڕاپه‌ڕین و ئازادی به‌ری ڕه‌نج و تێكۆشان و نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستانه‌، قۆناغی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و مقاوه‌مه‌تی ئه‌وان قۆناغێكی دره‌وشاوه‌ی به‌رخودان و به‌رنگاریی نیشتمانیه‌ له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا، بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موو هه‌وڵو ته‌قه‌لایه‌ك ده‌دات له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماف وئیمتیازاته‌كانی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ گیان له‌سه‌ر ده‌ستانه‌ی  كه‌ مێژووی سه‌روه‌ریه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌یان به‌ ڕۆحی خۆیان نه‌خشاند ".
دواتر جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان، به‌وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ڕێگایان له‌ كاری ڕێكخراوه‌یی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت، به‌م توێژه‌ قوربانیده‌ر و له‌خۆبردوو و كاریگه‌ره‌ی كوردستان و، پرۆژه‌ یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد ، به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان داوای له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد كه‌ له‌ زووترین ده‌رفه‌تدا ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی  په‌رله‌مانی كوردستان.
پاشان  دلاوه‌ر ئۆمه‌ر سه‌رۆكی ڕێكخراوی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی گوڵان و ژماره‌یه‌ك له‌  پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌ درێژی باسی ڕه‌وشی  بارو گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و ئه‌و نادادیه‌ی   به‌رامبه‌ریان كراوه‌  كرد و،  زۆربه‌ی داخوازییه‌كانیان بۆ ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه‌ خسته‌ ڕوو،
لای خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پاڵپشتی خۆیان بۆ داواكارییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان دووپات كرده‌وه‌.
د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵێنی به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان دا كه‌وا هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ دروستكردنی لۆبی وپاڵپشتی كردنی داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان.