Skip to the content
Menu

لێژنەی شارەوانی بەدواداچوون بۆ کێشەی زەوییەکانی ٨ی حەسارۆک دەکات

ڕۆژی شەممە ٢٠٢١/١/٢، لێژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرپەرشتيی لوقمان وەردی سەرۆکی لێژنەو ئامادەبوونی د.محی الدین حسن و زکری زێباری ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، بەمەبەستی دەربرینی پشتیوانی سەردانی گردبوونەوەی ھاوڵاتیانی خاوەن زەویەکانی کەرتی ٨ی حەسارۆک-يان لەھەولێر کرد، کە پێکدێیت لە زیاتر لە ١٦٠٠٠ پارچە زەوی و ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵە زەویيەکان دابەشکراوەو تائێستا خزمەتگوزاریان بۆ نەچووە.

لەسەردانەکەیاندا لەنزیکەوە گوێبیستی داواو داخوازیەکانی ھاووڵاتيیان بوون و بەڵێنیاندا پشتیوانيی داخوازييەکانیان بکەن، بۆ ئەو مەبەستە لەلیژنەی شارەوانی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ساڵی رابردوو بەدوو نوسراوی فەرمی لەرێگەی سەرۆکایەتيی پەرلەمان داواکراوە لەسەرۆکایەتيی ئەنجوومەنی وەزیران کەھەرچی زووە خزمەتگوزاريی پێویست لە ئاووئاوەرۆ کارەباو شەقام و قیرتاوکردن بۆ زەویيەکانی کەرتی ٨ی حەسارۆک دابین بکرێت، لەو سەردانەشیاندا جارێکیتر جەختیانکردەوە لەپشتیوانيی تەواوی داواکاريی ھاووڵاتيیانی کەرتی ٨ی حەسارۆک، لەرۆژانی داھاتووش بڕیارە ليژنەکە ھەوڵەکان چر بکاتەوە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە تاجێبەجێکردنی داواکاريی ھاووڵاتيیان.