Skip to the content

لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان راپۆرتێك لەسەر پاڵاوتنی نەوت ئاڕاستەی حكومەت دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی پاڵاوتنی نەوت لەناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێداویستییە ناوخۆییەكان، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/12، لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپه‌رشتیی عەلی حەمە سالح سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
له‌كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنە باسی لەگرنگیی پاڵاوتنی نەوت لەناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كرد بەجۆرێك كه‌ لەڕووی كوالیتی و دارایی-یشەوە كاریگەریی راستەوخۆی هەیە.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژە بەوە درا كەپاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان لەئێستادا توانای پاڵاوتنی ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان هەیە، بۆیە پێویستە سوود لەو پاڵاوگانە وەربگیرێت.
دوای راگۆڕینەوەو گفتوگۆی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، لیژنە بڕیاریدا راپۆرتێك لەسەر پاڵاوتن و توانای پاڵاوگەكانی ناوخۆی هه‌رێم تایبەت بەپێداویستیی ناوخۆیی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكات.