Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی لاوه‌كیی مافی بەکاربەر سەردانی قایمقامیەتی ھەولێر دەکات

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکارەکانیان و کێشەو گرفتەکانیان، ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/1/27، لیژنەی لاوەکیی مافی بەکاربەر كه سه‌ر به‌لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافى به‌كاربه‌ره‌، کەپێکھاتبوو لە د.گەلاوێژ عوبێد و بەختیار شوکری ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی قایمقامیەتی ھەولێری کردو لەلایەن نەبەز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی ھەولێر پێشوازیى لێکرا.
لەدیدارێکدا وێڕِِای دەستخۆشیكردن لەکارەکانیان، گفتوگۆ لەسەر نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان و خۆراک و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێریکردنی قایمقامیەت کراو ئەندامانی لیژنەكه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ کەپێویستە ھەوڵبدرێت پێداویستی و خۆراک بەھەرزانترین نرخ و باشترین کوالیتی بگاتە دەست ھاووڵاتییان و قۆرخکاری ئەنجام نەدرێت، ئەمەش بەزیادکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێریکردنی زیاتری بازاڕەکان دەکرێت، هه‌روه‌ها جەخت له‌وه‌ کرایەوە كه‌ کێشەی کەلوپەلی قاچاغ چارەسەر بکرێ و پێویستە کەس و لایەنی سەرپێچیکار سزای یاسایی وەربگرێت.
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر یاسای پاراستنی مافی بەکاربەرو ته‌ئكید له‌وه‌ كرایه‌وه‌ کەپێویستە کار بەو یاسایە بکرێت.
لەکۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ئەنجامدانی ئەمجۆره‌ سەردان و بەسەرکردنەوانە بەگرنگ و پێویست زانرا.