Skip to the content

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دیدارێكی كراوه‌ى له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سازكرد

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاركردن و كاراكردنه‌وه‌ی په‌یمانی هاوبه‌شی و گه‌شه‌پێدان له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته ‌گشتییه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/1/13، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی محسن دۆسكی بڕیارده‌رو ڕووپاك ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌و ڕاوێژکاری لیژنەكه‌، له‌هۆڵی په‌ناگیرى له‌ته‌لارى په‌رله‌مان دیدارێكی كراوه‌ى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی خوله‌كانی پێشوو و نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی و به‌شێك له‌چالاكوانانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌پارێزگاكانی هه‌رێم سازكرد.
سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه، كورته‌باسێكی سه‌باره‌ت به‌و په‌یمانه‌ هاوبه‌شه‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مان له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان واژۆ كرابوو، كه‌ئامانج لێی ئه‌نجامدانى كاری هاوبه‌ش بوو له‌نێوانیاندا به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی پایه‌كانی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌و خوله‌ی ئێستا هه‌وڵده‌ده‌ن ناوه‌ڕۆكی په‌یمانه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی كه‌باس له‌وه‌ ده‌كات ‌پێویسته‌ دوو ساڵ جارێك له‌هۆڵی په‌رله‌مان كاری ڕێكخراوه‌یىی و گرفته‌كانی به‌رده‌م ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.
دواتر میوانان و نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كان راِو سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان خسته‌ڕوو و ‌داوایانكرد‌ له‌ئاینده‌دا به‌هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و ڕێكخراوه‌كان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری جدی بكرێت بۆیٔه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كان خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش به‌چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن و هیچ جۆره‌ ڕێگرییه‌كیان لێنه‌كریت.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان‌ دووپاتیان كردووه‌ كه‌وه‌كو لیژنه‌ ئه‌وه‌ی له‌توانایاندا بێت بۆ باشتركردن و خزمه‌تكردن به‌ به‌ره‌وپێشبردنی كاری ڕێكخراوه‌یی ئه‌نجامی بده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌كۆبوونه‌وه‌و دیدارو یه‌كتر بینین و كاری هاوبه‌ش و سوود له‌بیرۆكه‌و توانای ڕێكخراوه‌كان وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی په‌رله‌مان له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كان لیژنه‌ی ڕۆشنبیری ڕاپۆرتێك له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ڕه‌وشی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌خۆی له‌باسكردن له‌به‌ربه‌سته‌كان و پێشلكارییه‌ یاساییه‌كان و ڕاسپارده‌و چاره‌سه‌ری ده‌بینێته‌وه‌.