Skip to the content

لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان زەمینەسازی بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکى تایبەت بەوەرزش دەکات

بەمەبەستی ھەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەیاسایەکى تایبەت بەوەرزش، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/12، لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان، بەسەرپه‌رشتیى سەلمه‌ فاتح سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى لیژنەكه‌، کۆبوونەوەیەکى تایبەتى ئەنجامدا.
دواى خوێندنەوەى بەرنامەى کارى كۆبوونه‌وه‌كه‌، سەرۆکى لیژنە باسى لەوەکرد کە لەئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڵاڵەکردن و ئامادەکردنی پڕۆژەیەسایەکى تایبەت بۆ رێکخستنى بواری وەرزش لەھەرێمی کوردستاندا.
ئەم ھەوڵەی لیژنەكه‌ بەهۆى دروستبوونى چەندین گرفت لەنێوان یەکێتییە وەرزشییەکان و تیپ و کۆمەڵەکان بووه‌، بۆیە دواى گفتوگۆى ورد بەپێویست زانرا لیژنەیەکى لاوەکى لەلیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان پێكبهێنرێت و سەردانى وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش لاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات و لەماوەى ١٥ رۆژدا سەرنج و تێبینییەکانیان وەربگیرێت بۆ دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەیاساکە.
تەوەرێکى دیكه‌ى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەئەنجامدانى ۆرکشۆپێك بۆ باسکردنى کێشەو گرفتەکانى رێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و لەو چوارچێوەیەشدا بەدواداچوون کراوە، بۆیە سبەى چوارشەممە ۆرکشۆپێک لەپەرلەمانى کوردستان بەئامادەبوونى نوێنەرى رێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
لەکۆتایى کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا لیژنه‌ راپۆرتێکى ورد بۆ دانیشتنى پەرلەمان تایبەت بەکارى رێکخراوەکانى کۆمەلگه‌ى مەدەنى ئامادە بکەن و تیایدا کێشەو گرفتەکان و راسپاردە جێگیر بگرێت.