Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٧/٢٧، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی منی نبی قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان و باپیر كامەلا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە رۆبەرت پالادینۆ، كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا د. هێمن هەورامی پیرۆزبایی لە رۆبەرت پالادینۆ كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا بە بۆنەی دەستبەركابوونی لە پۆستەكەی و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكەیدا و ڕایگەیاند: "خەڵكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان،شانازی بە پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕۆڵی ئەمریكا لە هاوكارییەكانی بۆ خەڵكی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەرزدەنرخێنن".
هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر كارەكانی پەرلەمان و دواین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و دارایی و مەترسییەكانی داعش و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێم و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرا.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كارەكانی پەرلەمانی لە ڕووی ژمارەی فراكسیۆن و لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و چاودێری و بەدواداچوون بۆ كارەكانی حكومەت خستە ڕوو، هاوكات باسی لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێزی نێوان پەرلەمان و حكومەت كرد و ڕایگەیاند: "ئامادەبوونی شاندی باڵای حكومەت و وەزیرەكان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكان، بە بەراورد لەگەڵ خولەكانی پێشوو زیاترە، ئەمەش لە ئەنجامی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا و شەفافبوونی زیاتری كاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنە"، هاوكات باسی لە هەنگاوەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ نووسینەوەی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان بە بەشداریی تەواوی پێكهاتەكان، داواشی كرد ئەمریكا لە پیشتگیری و هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە و چاكسازی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەدا بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی تازەی ئەمریكا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەكەی بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستن و پتەوتركردنی پەیوەندییەكان كردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو هەماهەنگی و دۆستایەتییە پەرە پێدەدەین و دەیپاڕێزین"، گووتیشی: "سەرۆك بایدن شارەزاییەكی باشی لەسەر مێژووی كورد و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان هەیە"، هیواشی خواست هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكڕیز و تەبا بن و بە یەكەوە ڕووبەڕووی ئالنگارییەكان ببنەوە.