Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم کۆبووەوە

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێک، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٧/١٢، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی شوان کەریم زراری جێگری سەرۆکى لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌ هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، لەگەڵ بێگەرد تالەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تى هه‌رێم و شاندێکی وەزارەته‌كه‌ کۆبووەوە.
لە دەسپێکێ کۆبوونەوەکە گفتوگۆ دەربارەی پڕۆژەیاسای بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماردکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لەتەرزە کشتوکاڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق کرا کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاراستەی پەرلەمان کراوە.
لە تەوەرێکى دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی کەمیی ئاو و وشکەساڵی کرا کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی کەرتی کشتوکاڵ بۆتەوە لە ھەرێمی کوردستان بۆئەوەی ھەوڵ بدرێت ئەو کێشەیە چارەسەریی بۆ بدۆزرێتەوە.
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن سایلۆکانه‌وه‌ پرسێکی دیكه‌ی گفتوگۆکردنی نێوانیان بوو، بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوولا جەختیان لەوە کرده‌وه‌ کە دەبێت ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆئەوەی بەرھەمەکان پارێزراو بن.
دواتر ئەندامانی لیژنەكه‌، پەیوەست بەو پرسە و چەندین پەسی تر پرسیار و کێشە و گرفتی جووتیارانیان ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵ و شاندی وەزارەت کرد و ئه‌وانیش له‌ لایەن خۆیانەوە وەڵام و ڕوونکردنەوەی پێویستییان لەسەر گشت پرسەکان بۆ ئەندامانی لیژنەكه‌ خسته‌ ڕوو.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ھەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوانه‌ و ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانیان کرد بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتی کشتوکاڵ و جووتیاران و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.