Skip to the content

لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت پێشوازیى لەکونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا بەوەکالەت لەھەرێمی کوردستان كرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٧/٧، لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت بەسەرپەرشتیی لەنجە دزەیی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك له‌ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، پێشوازیى لە میل سمارت کونسوڵی گشتیی وڵاتی به‌ریتانیا بەوەکالەت لەھەرێمی کوردستان کرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌چڕى و بابەتییانە دۆخی ئافرەتان لەهەرێمی کوردستان ھاتە بەرباس و گفتوگۆ و رۆڵی په‌رله‌مان و لیژنەی داكۆكیكردن له‌مافى ئافرەت لەڕووی یاسادانان و بەدواداچوون یەکێک بوو لەتەوەرە گرنگەکان له‌وڕووه‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ کونسوڵی گشتیی به‌ریتانی به‌وه‌كاله‌ت دەستخۆشیی لەھەنگاوەکانی لیژنەكه‌و پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پێشکەشکردنی یاسایەکی نوێی تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت کەئەو یاسایە زۆرێك لەکێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای بەرکاری ژمارە ٨ی ٢٠١١، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەكه‌ ئاماژەیان بەوەکرد کەپێشنیازو پڕۆژه‌یاساکە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆئەوەی ڕاو سەرنجی خۆیانى لەسەر دەربڕن و دوای گەڕانەوەى لەئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکان کاری لەسەر دەکەن بەتایبەت ڕێکخراوەکانی گۆمەڵگەی مەدەنی لەو بوارەو UNو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو یاسایەکی گشتگیر دەربکرێت کەچارەسەری گرفتەکانی یاسای بەرکاری ئەو بوارە بکات.