Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەکاری لیژنەکە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٧/٧، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتی گوڵستان سه‌عید جێگرى سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە ئەو نوسراو و یاداشت و سکاڵایانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کرا، دوای تاووتوێكردنیان ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
دواتر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لەوانە باسکردنی بابەتی بەشداریکردنی ئەندامانی لیژنەكه‌ لەپانێڵێکی تایبەت بەڕۆژی جیھانیی پاڵپشتیکردن لەڕزگاربووانی ئەشکەنجە، سەردانە مه‌یدانییه‌كانی لیژنەكه‌ بۆ چاکسازییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای دھۆک و سلێمانی و بەپێویست زانرا ئەو سەردانانە بەردەوامییان هه‌بێت و بڕیاریشدرا بەمزووانە سەردانەکانیان بۆ چاکسازییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەھەولێر-یش ئەنجامبدەن.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر سزای جێگرەوەو پرسی سزای لەسێدارەدان، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاز کراوە کەلیژنە لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان قسە بکات لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەبڕیارێک لەپەرلەمانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.