Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند پرسێك تاووتوێ دەكات

بە مەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٧/٢٨، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە سەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و تێیدا سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە ئاماژەیان بەوە كرد كە پرۆسەكە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بە باشی بەڕێوە دەچێت و هەڵە و كەم و كوڕِییەكان كەم بوونەوەتەوە و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە ڕێكارەكانی خۆپارێزی پەیڕەو بكرێت بۆئەوەی گیانی مامۆستایان و قوتابییان پارێزراو بێت و ئەو دۆخە مەترسیدارەی پەتای كۆڕۆنا تێپەڕێنرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشت و داواكارییانەی ئاراستەی لیژنەكە كرابوون خوێندرانەوە و ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبوو وەڵام درانەوە و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار كران بە مەبەستی چارەسەركردنیان و كاری پێویست.