Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

بە مەبەستی تاووێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بە کاری لیژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٧/٢٧، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھرۆری سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕِاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەكه‌ گفتوگۆکردن بوو لەسەر پڕۆژەیاسای نیشان و میدالیا، دوای گفتوگۆکردنى و وەرگرتنی ڕاو سەرنجی ئەندامان لەبارەیه‌وه‌، بڕیاردرا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ لیژنەی یاسایی و لیژنەی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار ئەنجام بدرێت بە مەبه‌ستی وەرگرتنی تێڕوانینی ئەوانیش لە سەر پڕۆژەیاسایەکە.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەرجەم ئەو نووسراوانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندرانەوە و گفتوگۆی چڕ و پڕیان لەسەر کرا، ئەوانەی پێویستیان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵام درانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی میحوەرەکانی پێشمەرگە کرا و لیژنە بڕیاریدا بەم زووانە سەردانی میحوەرەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک بکات.