Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایان دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٧/٢٦، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگری سەرۆكی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و جیھاد حه‌سه‌ن ئیبراھیم ئەندامانی لیژنه‌كه‌، سەردانی بارەگای مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەلایه‌ن د. عه‌بدوڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتیی زانایان و مەلا جەلال مستەفا خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەه‌ك لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و سەركردایەتی پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا باسیان لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە كاروباری زانایانی ئاینی و ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینی لە ھەرێمی كوردستان کرد.
ھەروەك جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان لیژنەی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان کرایەوە، بەتایبەت لەو بابەت و پرسانەی كە ڕەھەندی ئاینییان ھەیە.
لای خۆیانەوە سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتیی یەكێتیی زانایان، سوپاسی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ ھەماھەنگیی بەردەوامیان و ھیوایان خواست پەرە بە بەردەوامیی ئەو دیدارانە بدرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینی و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاینی لە ھەرێمی كوردستاندا.