Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی كونسوڵخانەی کوریا لە ھەرێمی کوردستان دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممه‌ ٢٠٢١/٧/٢٦، شاندێکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی کاروان گەزنەیی، جێگری سەرۆکى لیژنە و سیروان بابان و بەڵێن ئیسماعیل و ھلز بۆتانی، ئەندامانی لیژنە و ڕاوێژکاری لیژنەكه‌، سەردانی كونسوڵخانەی وڵاتی کوریا-ى لە هه‌رێمی كوردستان کرد و له‌لایه‌ن چۆى کوانگ ژین كونسوڵی گشتیی کوریا پێشوازیى لێكرا.
لە دیدارێکدا سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ كونسوڵی كۆریا ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و گەیاندنی سوپاس و پێزانینی لیژنەکەیانه‌ بە كونسوڵخانەکەیان به‌رامبه‌ر کار و چالاکییه‌كانیان و پێشکەشکردنی ھاوکارییەکانیان لە ھەرێمی کوردستاندا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی پەرلەمانی و پێكهێنانی گرووپی ھەڤاڵبەندیی نێوان ھەردوولا بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونی ته‌شریعیی پەرلەمانی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی کۆریا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ھەردوولا و ھیوای خواست زیاتر برەو بەمجۆره‌ سەردان و ھەماھەنگی و ھاوکارییانه‌ی نێوانیان بدرێت.