Skip to the content

شاندێكی باڵای په‌رله‌مان به‌شداریى له‌ چله‌ى ماته‌مینیی شه‌هیدانی چیای مه‌تینا له‌ ده‌ڤه‌رى ئامێدى كرد

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/١٥، شاندێكی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ سه‌رۆك و جێگر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان یاوه‌رییان ده‌كرد، به‌شداریى له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ىی ماته‌مینیی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌ كرد كه‌ به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٥، له‌ چیای مه‌تینا له‌ ده‌ڤه‌رى ئامێدی، لەلایەن پەکەکەوە لە بۆسەیەکدا شەهید کران.
له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومی و حزبى و ئه‌فسه‌ران و پله‌داران له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزی زێره‌ڤانی و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌ و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانیان به‌ڕێوه‌چوو، د. هێمن هه‌ورامی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا وێڕای دووباره‌ ده‌ربڕینی هاوخه‌می و گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كه‌سوكارى ئه‌و شه‌هیدانه‌، ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ ڕۆژێكى زۆر خه‌مناكه‌ بۆ هه‌ر هه‌موومان كه‌ له‌ چله‌ی ماته‌مینیی پێنج ڕۆڵه‌ی كوردستان لێره‌ ئاماده‌بووین، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی لایه‌نێك شه‌هید كران كه‌ خۆیان به‌ كوردستانی ئه‌زانن"، گووتیشی: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ پێشی ئه‌م ڕووداوانه‌، لیژنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و په‌رله‌مانتارانى سنوورى پارێزگاى دهۆك-مان ڕاسپاردبوو بۆئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن"، ڕاشیگه‌یاند: "دوای شه‌هیدبوونی ئه‌م پێنج پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌یه‌ش، ئێمه‌ ئه‌م لیژنانه‌مان ڕاسپارد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ته‌واوى فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ سه‌ردانێكی مه‌یدانی بكه‌ن، پاش سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانیان ڕاپۆرتێكی وردیان ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كرد و ئێمه‌ش ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه‌، ڕای ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌نیا بیانوویه‌كه‌ كه‌ هێزی وڵاتانی ئیقلیمی به‌كاریان ئه‌هێنن بۆ له‌شكركێشی له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و دانانى بنكه‌ و باره‌گاى سه‌ربازی و نه‌هێشتنی سه‌روه‌ریى هه‌رێمی كوردستان و لاوازكردنی قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ مانایه‌كی گه‌وره‌ى هه‌یه‌".
گووتیشی: "پێمان وایه‌ په‌كه‌كه‌ به‌م كرده‌وانه‌ی دژه‌ كوردستانییه‌تی خۆی زیاتر ئه‌سه‌لمێنێ، بیانووى زیاتر ئه‌دا به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ په‌لاماردانی خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و جێگیركردنی هێزی سه‌ربازى له‌و سنوورانه‌ و هه‌وڵدان بۆ بچووككردنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆخۆى هه‌ره‌شه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌كان، له‌سه‌ر ته‌واوى خه‌ڵكی كوردستان".
له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان وێڕای دووباره‌ ئیدانه‌كردنی شه‌هیدكردنی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی په‌كه‌كه‌، لێره‌وه‌ جارێكی تر داوایان لێئه‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ نوێنه‌رایه‌تیی دۆزی كورد بكه‌ن، گۆڕه‌پانی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئه‌و دۆزه‌یان خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان خوازیاری پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستانن، هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو قۆناغه‌كان ئاماده‌ی پشتیوانیی خه‌باتی ئاشتییانه‌ و دیپلۆماسییانه‌ و سیاسییانه‌ بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان له‌ باكوورى كوردستان"، گووتیشی: "ئومێده‌وارین خوێنی پاكی ئه‌م پێنج پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌، هه‌وێنی پاراستنی زیاترى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمی كوردستان بێت له‌و هه‌ره‌شه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، هیوادارین خوێنی پاكی ئه‌و پێنج گه‌نجه‌ قاره‌مانه‌ى كوردستان هانده‌رى ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بێت كه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی حزبی و ئایدۆلۆژی له‌گه‌ڵ بابه‌تی په‌كه‌كه‌ نه‌كه‌ن، په‌كه‌كه‌ به‌ته‌نها سه‌رئێشه‌ و سه‌رچاوه‌ى هه‌ره‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر هێزێكی دیاریكراو، په‌كه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌شه‌ و سه‌رئێشه‌یه‌ بۆ ته‌واوى خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ په‌رله‌مان، بۆ حكوومه‌ت، بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان".