Skip to the content

وێركشۆپێك سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای پاراستنی بەڵگەنامە و دەستنووس و ئەرشیفی نەتەوەیی به‌ڕێوه‌ چوو

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٧/١٢، لەسەر داواى لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئینستیوتی ڕیفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان (RID)، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان، لە هۆتێل دێدمان له‌ شارى هه‌ولێر، وۆرکشۆپێكى تایبەت بە پڕۆژەیاسای پاراستنی بەڵگەنامە و دەستنووس و ئەرشیفی نەتەوەیی لە کوردستان ساز كرد.
له‌ وێركشۆپه‌كه‌دا كه‌ به‌ به‌شداریى شاندێكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌ و گوڵیزار ڕه‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ و ژمارەیەک له‌ پسپۆران و شارەزایانى بواری مێژوو و ئەرشیف و دەستنووس و بەڵگەنامەکان و نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌ ڕه‌شنووسى پڕۆژەیاسای پاراستنی بەڵگەنامە و دەستنووس و ئەرشیفی نەتەوەیی كرا و ئاماده‌بووان ڕا و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ ڕوو و له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ڕا و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئاماده‌بووان به‌هه‌ند وه‌رگیران بۆ سوود وه‌رگرتن لێیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌.
بڕیاریشە لە ئایندەیه‌كی نزیکدا وێركشۆپی دووەم لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا بە بەشداریی پسپۆڕان و شاره‌زایانی بوارەکە لە شاری سلێمانى-یش بەڕێوەبچێت.