Skip to the content

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازی له‌ژمارەیەک لەئافره‌تان و كچانی چالاکوان له‌کوردانی ئێزدی ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/9، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازیى له‌ میان خاتوون خێزانی میر حازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و ژمارەیەک لەچالاکوانانى ئافره‌ت له‌کوردانی ئێزدی كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ هه‌دیه‌ مراد حیدر علۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مانى كوردستان و د.خانزاد ئه‌حمه‌د ئه‌میندارى گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان ئاماده‌یبوو، شاندی میوان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ گه‌یاندنی ئێش و ئازاره‌كانی خه‌ڵكانی ئێزدی به‌گشتی و خه‌ڵكى شنگال به‌تایبه‌تی و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه‌به‌سه‌ر ئێزدییه‌كان هات به‌تایبه‌ت كچان و ئافره‌تانی ئێزدی به‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش و هه‌روه‌ها نه‌هامه‌تییه‌كانی كچان و ئافره‌تانی ڕزگاربووى ئێزدی له‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش و داوای ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ناوچه‌كانی خۆیان كرد به‌تایبه‌ت دۆخى شنگال و داوایان كرد كه‌ په‌له‌ بكرێت و هه‌موولایه‌ك هه‌وڵه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى ڕێككه‌وتننه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ تا كه‌مێك له‌ئێش و ئازاره‌كانی ئێزدییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین داواكاریشیان گه‌یانده‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
لای خۆیه‌وه‌ د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می و هاوسۆزیى خۆی بۆ ئێش و ئازاره‌كانی كوردانی ئێزدی كه‌به‌هۆی هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان به‌سه‌ریاندا هات، به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌هامه‌تی و ئێش و ئازارانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تان و كچانی ئێزدی هاتن، هیوای خواست كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كه‌له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كراوه‌، به‌زووترین كات بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و پەلە بکرێت لەئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانى ئێزدی نشینه‌كان، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی بتوانن بەئاسوودەیی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، پشتیوانیی ته‌واوی خۆشی بۆ داواكارییه‌كانیان ده‌ربڕی و پێی ڕاگه‌یاندن كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و ناوچانه‌و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كاته‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ن.