Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوخۆ لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونى پرسی شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی شەوی ڕابردووی سلێمانی پێكده‌هێنێت

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەکاری لیژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/22، لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان ڕەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کرداو دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، ئەوانەی پێویستیان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست، هەروەها بۆ بەدواداچوونی ھەندێک لەنوسراوەکان لیژنەى لاوه‌كی پێکھێنرا.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە تایبه‌ت بوو بەگفتوگۆکردن لەسەر یاسای ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠١٢، یاساى پاسەوانیی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان، دوای گفتوگۆیەکی چڕی نێوان ئەندامانی لیژنەکە لەسەر ئەو تەوەرە، بریاردرا یاداشتێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆ کاری پێویست.
ھەر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەک درا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی شەوی ڕابردووی سلێمانی کە لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان ڕوویدا.