Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزاره‌تی ناوخۆ چەند پرسێک تاووتوێ دەکەن

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی په‌یه‌وه‌ست به‌كاره‌كانیان و له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌كه‌، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/6/7، لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌،له‌هۆڵى پرۆتۆكۆل له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ڕێبەر ئەحمه‌د وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم و شاندێكی یاوەری كۆبووه‌وه‌.
سەرەتای کۆبوونەوەكه‌ سەرۆکی لیژنە ئەو تەوەرانەی کەمەبەستیان بوو لەگەڵ وەزیرو شاندی وەزارەتی ناوخۆ گفتوگۆى له‌سه‌ر بکەن خستەڕوو، لەوانەش پرسی یەکەی پاسەوانی و دیارده‌ى ھەڵگرتنی چەک لەلایەن ھاووڵاتییانەوەو یاسای خانەشینیی ھێزەکانی ناوخۆو یاسای ھاتووچۆی ھەرێم.
دوای گفتوگۆیەکی چڕو ئاراستەکردنی پرسیارو ڕاو سەرنجی ئەندامانی لیژنەكه‌ بەشاندی وەزارەت، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم بەزانیاری و ڕوونکردنەوەكانى وەڵامی پێویستى ئەندامانی لیژنەكه‌ى دایه‌وه‌، ھەروەھا شاندی وەزارەت بەڵێنێدا کەھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ ھەرچی زووە ئەو پرسانە بەدوادچوونی زیاتری بۆ بکەن بۆ گەیشتن به‌چارەسەری تەواو.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگیی زیاتری نێوانیان کرده‌وه‌ بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی پرسەکانی پەیوەست بەکارەکانیان. لەکوتاییدا لیژنەو شاندی وەزارەت بەئەنجامدانی کونگرەیەکی رۆژنامەوانی کوتاییان بەکۆبوونەوەکە ھێناو ناوەڕۆک و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.