Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات و پێشوازیش لەکۆمەڵێک ڕێکخراوى تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەکاری لیژنەکە، پێش نیوەڕۆ ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/21، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ، ڕۆمیو ھەکاری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە ئەو نوسراو و یاداشت و سکاڵایانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کراو دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆرینەوە لەنێوان ئەندامانی لیژنەكه‌، ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە قسەکردن بوو لەسەر سەردانیکردنی لیژنەكه‌ بۆ ناو چاکسازییەکان بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆی پێویست کراو بەرنامەى بۆ داڕێژرا.
ھەر ئەمڕۆ لیژنەكه‌ پێشوازیی لەکۆمەڵێک ڕێکخراوى تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە کردو له‌دیدارێكدا چەندین پرسی پەیوەست بەئەشکەنجەدان لەنێوانیان تاووتوێ کرا، دوای گفتوگۆکردنی ئەو پرسە لیژنە بەڵێنی بەشاندی ڕێکخراوەکەدا کەکاری پێویست بۆ ئەو پرسە بکات.