Skip to the content
Menu

لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆبووه‌وە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/6/16، لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، بەسەرپەرشتیی محسین دۆسکی بڕیاردەری لیژنەو ئامادەبوونی ڕووپاک ئەحمەد و مەم بورھان ئەندامانی لیژنەكه‌، پێشوازیى لە بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ستافی فەرمانگەكه‌ كرد.
لەکۆبوونەوەکەدا کە لەسەر داوای لیژنەی ڕۆشنبیری ڕێکخرابوو، تایبەت بوو بەڕەوشی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و تۆماری ڕێکخراوەکان و جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومییەکان لەھەرێمی کوردستان، کە ئەو لیژنە لاوەکییە بەمەبەستی بەدواداچوون و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکارەکانی فەرمانگەكه‌ پێکھێنراوە، ئەندامانی لیژنەكه‌ کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی شاندی میوان کردو داوای ڕوونکردنەوەیان لێکردن.
دواتر سەرۆک و ستافی کارگێڕیی فەرمانگەكه‌ وەڵامی پرسیارەکانیان دانەوەو ڕوونکردنەوەی پێویستییان خستە بەردەم ئەندامانی لیژنەكه‌، لەکۆتاییدا بڕیاردرا بەڕاپۆرتێک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی لیژنەی ڕۆشنبیری بکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.