Skip to the content
Menu

پەرلەمانی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا
هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی پێنچ پێشمەرگەكه‌ى ئه‌مڕۆ دەردەبڕێت و بژاردەی شەڕ ڕەتدەکاتەوەو خوازیاره‌ شەڕی لایەنە ناکۆکەکان لەسنوورەکانی هەرێم دوور بخرێتەوە

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌
بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ شەهیدبوونی ئەو پێنچ پێشمەرگە قاره‌مانه‌ دەردەبرین کەبەرەبەیانیی رۆژی ٥ی ٦ی ٢٠٢١، لەدەڤەری ئامێدی، وەک ئەوەی لەڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە لەلایەن پەکەکەوە لەبۆسەیەکدا شەهیدکران، وێڕای پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ خانەوادەو کەسوکاری سەربەرزیان، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین.
پەرلەمانی كوردستان بژاردەی شەڕ بەهەموو جۆرێک ڕەتدەکاتەوەو خوازیارین شەڕی لایەنە ناکۆکەکان لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان دوور بخرێتەوەو دەبێت هەموو لایەک سەروەریی هەرێمی کوردستان بپاریزن و بیانوو بەدەستەوە نەدرێت بۆ شەڕو پەلامارو لەشکرکێشیی وڵاتان، بەجۆرێک کەکار بکاتەسەر ناوچەکانی کوردستان و بەهۆیەوە سەرو ماڵی هاووڵاتییانمان و سروشتی ناوچەکە بکەویتە مەترسییەوەو ریگری بکرێت لەئاوەدانکردنەوەو ئارامیی گوندەکان.
داواکارین لە پەکەکەو تورکیا شەڕو ئاڵۆزییەکانی خۆیان لەهەریمی کوردستان بەدوور بخەنەوەو بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی بگرنەبەرو ڕێز لەدامودەزگاکانی هەریمی کوردستان و سەروەریی هەریمی کوردستان و عێراق بگرن.
پەرلەمانی كوردستان
٥ی ٦ی ٢٠٢١