Skip to the content
Menu

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌وه‌

بەداخەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2021/6/5، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەچیای مەتین کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکەو پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (9) پێشمەرگە کە لەهۆبەی ئەندازە بوونەو کاریان هەڵگرتنەوەو پووچەڵکردنەوەی بۆمب بووە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیەو گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، هێرشکراوەتەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان لەجۆری باجیرۆ لەوکاتەی ویستوویانە بەرەو ئەو بنکانە بڕۆن کەپێش چوار مانگ لەو ناوچەیە دانرابوون، بەڵام بەداخەوە کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکەو پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەم هێرشە ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشى لەبنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و داوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندینجار رۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بوونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبوونی سەدان گۆندی سنووری هەرێمی کوردستان.
بۆیە جارێکی تر داوایان لێدەکەین کەشەڕەکەیان ببەنە ناو خاکی تورکیاو نەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر دەستکەوت و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و دەبێ رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوەو باخوێنی کورد بەدەستی کورد نەرێژرێت، بۆیە داواكارین كێشەی توركیاو پەكەكە بەئاشتییانە چارەسەر بكرێت لەئەگەری چارەسەر نەبوون لەناو خاكی توركیا كێشەكە یەكلایى بكرێتەوە.
لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان
5ى حوزه‌یرانی 2021