Skip to the content

ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕاپۆرتی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكومه‌تی هه‌رێم ڕاده‌ستی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ده‌كات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/9، لیژنه‌ی ده‌ستپاكی به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی له‌ستافی ڕێكخراوی ستۆپ كرد، كه‌به‌مه‌به‌ستی ڕاده‌ستكردنی ڕاپۆرتی سێیه‌می چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكومه‌ژی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی لیژنه‌كه‌یان كردبوو.
سه‌ره‌تا شاندی میوان ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرته‌كه‌یان بۆ لیژنه‌كه‌ خسته‌ڕوو كه‌ تێیدا باس له‌خاویی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و گێڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی بۆ حكومه‌ت و بابه‌تی كۆمپانیاكانی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و چه‌ند پرسێكی تریان كردووه‌و داوایانكرد لیژنه‌ی ده‌ستپاكی كار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕاپۆرته‌ بكات.
دواتر سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ سوپاسی ئه‌و ڕێكخراوه‌یان كرد كه‌به‌دواداچوون بۆ پرسه‌كانی چاكسازی و گه‌نده‌ڵییه‌كان له‌سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا ده‌كه‌ن و دڵنیاییاندا كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لیژنه‌كه‌یاندا گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌كه‌ن و كاری پێویستی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.