Skip to the content

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌كات
د.ڕێواز فایق: "پاڵپشتیی خۆمان بۆ داخوازییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌رده‌بڕین و هه‌رچی له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین"

به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی گیروگرفت و گه‌یاندنی داخوازییه‌كانیان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/8، ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایانی وانه‌بێژ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان لێكرا.
له‌دیدارێكدا كه‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، زێدان ڕه‌شید برادۆستی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان و به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ئاماده‌یبوون، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌وردی گوێبیستی تێكڕای داواكاری و داخوازییه‌كانی نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ بوو، دواتر گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌باره‌ی كێشه‌ی دانه‌مه‌زراندنیان كراو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌ به‌وردی خسته‌ڕوو.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتیی خۆمان بۆ داخوازییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌رده‌بڕین، هه‌رچی له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و بژێویی مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ڕه‌هه‌ندی دارایی-یان هه‌یه‌، به‌بێ نیشاندانی ڕه‌زامه‌ندیی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌و شایسته‌ی دارایی، پێشوه‌خته‌ لێمان دیاره‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چیده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای خۆمان به‌ته‌واوی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی به‌هه‌میشه‌ییكردن و دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ".
گووتیشی: "نامه‌نه‌وێت به‌ڵێنێك بده‌ین كه‌ له‌تواناماندا نه‌بێت جێبه‌جێیی بكه‌ین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ داواكاریی مامۆستایان له‌لای ئێمه‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانماندا ده‌بێت".