Skip to the content

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌ى ڕاوێژكاریی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌تاوانه‌كانی داعش و ڕاوێژكارانی یاسایی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/7، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مى ڕاوێژكاریی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNITAD) له‌تاوانه‌كانی داعش و ڕاوێژكارانی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌هه‌ریه‌ك له‌ د.ڤاڵا فه‌رید وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان، دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رسێ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێرو دهۆك و سلێمانی، كریستۆڤه‌ر گۆسنێڵ گه‌وره‌ ڕاوێژكاری تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNITAD) له‌تاوانه‌كانی داعش، هه‌دیه‌ مراد حیدر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماده‌یبوون، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی لێكه‌وت و ڕه‌هه‌نده‌ دادوه‌رییه‌كانی پڕِۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی دادگای داعش له‌هه‌رێمی كوردستان كرا، ڕاوێژكارانی یاسایی په‌رله‌مان چه‌ندین پرسیاری گرنگیان ئاڕاسته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كردو له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كانه‌وه‌ وه‌ڵامیان درایه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "هه‌موو ئه‌و دیدگا یاساییانه‌ی كه‌په‌یوه‌ستن به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا شرۆڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی پێویستیان بۆ ده‌كرێت، لێره‌وه‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان راده‌سپێرین به‌كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی وردتر له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌، له‌ڕێگه‌ی مامۆستایانی زانكۆو ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان، بۆئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌و شیكاریی قووڵتر بۆ لێكه‌وته‌كانی ده‌رچوونی یاسای دامه‌زراندنی دادگای داعش له‌هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌ر له‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ری".