Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا کرد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٣/٣ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە د. نەسر حریری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە نوێنەری پێکهاتەی تورکمان و کریستیان ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی وێڕایی بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسی لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و مەترسیەکانی داعش، پاشان دوا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی سوریا و ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نووسینی دەستووری سووریا خستەروو، هاوکات رووانگەی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر پرسی کورد لە سوریا بۆ شاندەکە ڕوونکردەوە، پاشان باسی لە هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ نووسینەوەی دەستوور و دەستەبەرکردنی زیاتری مافی پێکهاتەکان و سیستمی هەڵبژاردن و سیستمی کۆتا وبەشداریپێکردنی پێکهاتەکان لە دەستەو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
لەلای خۆیەوە د.نەسر حریری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا مەبەستی سەردانی شاندەکەیان خستەڕوو کە تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا، هەروەها سوپاسی هەرێمی کورستانیانی کرد کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی خەڵکی سووریا، و خۆشحاڵی و سەرسامی خۆشیان بۆ ئەو پێکەوە ژیانە دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە.