Skip to the content

دوو پریزینتەیشنى تایبەت بەپڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەچوو

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌كارییه‌كان و هه‌نگاوه‌كانى داڕشتنى پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، ئەمڕۆ سێشەمە 2021/3/2، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، بەسەرپەرشتیی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەو جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووەوە.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا سەرجەم ئەو نووسراوانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ كرابوون گفتوگۆى وردیان لەسەر كراو بەپێی رێكاری پەیڕەوی وەڵامدرانەوە.
لەته‌وه‌رى دووه‌می كۆبوونەوه‌كه‌دا بەوردی باسی ئاماده‌كارییه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2021و كاتی ناردنی پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمان كراو پاشان دوو پریزینتەیشن لەلایەن راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ تایبەت بەپڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەچوو.
پریزینتەیشنی یەكەم لەڕووی ئابوورییەوە روونكرایەوە كەدەبێت بودجە گرنگی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و ژمێریاریی خۆی پێبدرێت و شەفاف بێت.
پریزینتەیشنى دووەم تایبەت بوو بەڕووە یاساییەكەی، كەپێویستە چاودێریی پەرلەمان لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەو مادەكانی بێت و لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری رۆڵی سەرەكیی دەبێت لەئامادەكردنی پڕۆژەیاساكە لەپەرلەمانی كوردستان.