Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی پاپا فەڕەنسیس بۆ كوردستان بەگرنگ دەزانێت

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاری لیژنەكە، ئەمڕۆ سێشەمە 2021/3/2، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی مەلا ئیحسان محەمەد سەلیم جێگری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكه‌‌ كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانە كرا كەئاڕاستەی لیژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆ ئەوانەی پێویستییان به‌وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.
ھەر لەكۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە باس لەسەردانەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەسەرپەرشتی بەڕێز د.هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ وەزارەتی ئەوقاف كرا كەئەمەش كاریگەریی دەبێت له‌سه‌ر ھەماھەنگیی زیاترى نێوان لیژنه‌كه‌و وه‌زاره‌تی ناوبراو.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە تاووتوێی داواكاریی مامۆستایانی ئاینيی خۆبەش كرا، كە لەمزگەوتەكان كاری مەلایەتی دەكەن وەك خۆبەش، بۆیە بەپێویست زانرا لەلایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵی دامەزراندنیان بدرێت چ بەگرێبەست بێت یان مانگانە ھاوكارییان بكرێت، چونكە لەھەرێمی كوردستان گرفتی كەمیی میلاكی مامۆستایانی ئاینی ھەیە لەمزگەوەتەكاندا.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە باس لەسەردانەكەی پاپا فەڕەنسیس، پاپای ڤاتیكان كرا بۆ ھەولێری پایتەختی هه‌رێمى كوردستان، كە ئەمەش رووداوێكی مێژووییەو یەكەمین جارە قەداسەتی پاپا ئەم سەردانە ئەنجام دەدات، كە مەبەست لێی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لەڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینی لەھەرێمی كوردستان كەبۆتە نمونەیەكی بەھێزو زیندوو لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا باس لەئامادەكردنی پێشنیازی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بەموڵكەكان كرا، بۆ ئەمەش بەپێویست زانرا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف بكرێت بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی.