Skip to the content
Menu

ڕه‌شنووسی پێشنیازه‌بڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا

بەمەبەستی ئامادەكردنی ڕەشنووسی كۆتایی سەبارەت بەپێشنیازەبڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17، لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، بەسەرپەرشتیی سەلمە فاتح سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە‌، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەكۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی پێشنیازە بڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی گفتوگۆی لەسەر كراو ئەندامان سەرنج و تێبینییەكان خستەڕوو و ڕەشنووسەكە بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا، بۆئەوەی ڕێكارە پەیڕەوییەكانی لەسەر بگیرێتەبەر و وەك بڕیار دەربچووێندرێت.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارانی لیژنە مەم بورهان قانع و گۆران عومەر، ڕاپۆرتێكی هاوبەشییان لەسەر بەكارهێنانی زمانی كوردی لەشوێنە بازرگانییەكان و جواننووسی لەنوسراوە فەرمییەكانی دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و گرنگیدانی زیاتر بەڕێنووسی زمانی كوردی ئامادەكردبوو، ڕاپۆرتەكە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی تێدایەو دوای گفتوگۆكردنی ئەندامان لەسەر ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە،‌ بڕیاردرا ‌ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست.