Skip to the content
Menu

ڕاپۆرتی کۆتایی ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە ئاراستەی سەرۆکایەتی کرا

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ھەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرپەرشتیی لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر دواین ڕاپۆرتی ھەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019ی تایبەت به‌ بەخاوەنکرنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ خستەڕوو، دوای جێکردنەوەی سەرنجەکان دەستکاریی ھەندێک لەمادەو بڕگەکان کراو دواتر بەواژۆی زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكه‌ ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا بۆئەوەی ڕێکارە پەیڕەوییەکانی لەسەر بگیرێتەبەر.
لەبەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەیاسای بەڕێوبردن و پاراستنی شوێنەوارو کەلەپوور لەھەرێمی کوردستان کرا، کەخوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو بڕیاردرا نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆئەوەی ڕای خۆیان لەسەر پێشنیازەیاساکە ئاراستەی پەرلەمان و لیژنەی شارەوانی بکەن بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە پەیڕەوییەکان.