Skip to the content
Menu

پڕۆژه‌یاسای رێزلێنانی پێشمه‌رگه‌ تاووتوێ كرا

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژه‌یاسای رێزلێنانی پێشمه‌رگه‌، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھروری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، لەگەل نوێنەرانی سەربازیی سەرۆکایەتیی ھەرێم كه‌پێکھاتبوو لە لیوا ئەسکەندەر حەجی صالح و غالب حسێن عوسمان و نوێنەری بەرێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە کۆبووەوە.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر بابەتی پڕۆژەیاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە كراو سەرجەم کێشە یاساییەکانی خرایه‌ڕوو و ھەردوولا کۆکبوون لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی زیاترى نێوانیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى.
ھەر ئەمڕۆ لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتیی خانەنشینی کۆبووەوەو چەندین پرسی گرنگ تاووتوێ کران، لەوانەش مادەی دەیەم بڕگه‌/2، لەیاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007، یاسای راژه‌و خانه‌نشینیی پێشمه‌رگه، کەدەڵێت: "ماوەی ئەو خزمەتەی کەپێشمەرگە پێش 1991/3/5، یان ئەوەی لەمەیدانی جەنگدا یاخود لەناوچەی جموجۆڵی سەربازی بەسەربردبێ، کەھێزەکان و کەرتە ھاوبەشەکان بەفەرمانی وەزیر دەستنیشان دەکرێن بەخزمەتێکی دوو چەندانە بۆ مەبەستی خانەنشینی بۆ حیساب دەکرێ)، بەڵام لەئێستادا بەپێی بەدواداچوونه‌كان ئەو برگە یاساییە لەدامودەزگا پەیوەندیداره‌كان بەخانەنشینیشەوە جێبەجێ ناکرێت.
دوای گفتوگۆکردنی ئەو پرسە، ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ راو بۆچوونی خۆیان بۆ شاندی میوان خستنەڕوو و داوایان له‌شاندی میوان کرد ھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ چارەسەركردنى ئه‌و كێشانه‌‌.
لەکوتاتی کۆبوونەوەكه‌شدا لیژنە خوێندنەوەى بۆ سەرجەم ئەو نوسراوو داواکاری و یاداشتانە کرد کەئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان ئەوانەی پێویستیی بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.