Skip to the content
Menu

بەیاننامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر سەبارەت بەبڕینەوەو سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان

ئێمەی ئەندامانی لیژنە سەرکۆنەی ئەو ڕەفتارەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بەرامبەر بەبڕینەوەی دارو درەختی ناوچەکانی سنووری قەزای زاخۆو ئامێدی لەپارێزگای دھۆک.
درەختی دارستانەکانی باشوورى كوردستان سامانێکی نیشتمانین و زامنی دابینکردنی ئاوو ھەوای خاوێن دەکەن، ھەروەھا ژینگەی جۆرەھا گیانلەبەرو ئاژەڵن کەبەشدارن لەتەوازونی سروشتی.
زیانگەیاندن بەئاوو ھەواو ژینگەی کوردستان، زیانگەیاندنە بەتەندروستیی دانیشتوان و ھاووڵاتییانی کوردستان.
بۆیە ئێمە لەلیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر، بەتوندی دژی ئەو کارەین و داواکارین دەوڵەتی تورکیاو ھەر کەسێک بەشدارە لەو کارە نایاسایی و ناسروشتی و دژ بەژینگەیە، دەستبەجێ دەست لەو کارە ھەڵگرن و مافی دراوسێیەتی بپارێزن.
بەپێی دەستووری عێراقی ماددەی 33، دەوڵەتی عێراقی بەرپرسە لەدەستەبەرکردن و پاراستنی ژینگەو فرەچەشنیی زیندەیی و پارێزگاری لێکردنی.
لەیاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەھەرێمی کوردستان-عێراق، ژمارە 8ی ساڵی 2008 دا ھاتووە، کەدەبێ سزای ئەو کەسانە بدرێ کەدەستیان ھەبووە لەتێکدانی ژینگەی ئەو ناوچانە.
ھەروەھا ئەرکی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بدوێن بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕەفتارە.
لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان
2021/5/31