Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چه‌ند پرسێكی گرنگى تاووتوێ كرد

به‌مەبه‌ستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بەکاری لیژنەكه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/5/4، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھروری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد، پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو یاداشت و نوسراوانە کرا کەئاراستەی لیژنەکە کرابوون، دوای گفتۆگوکردن و بیروڕا گۆڕینەوە، ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە ھەبوو وەڵامدرانەوە، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بەمەبه‌ستی چارەسەرکردنیان، ئەو داواکارییانەشی کەتایبەت بوون بەھێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ھەر لەکۆبوونەوەكه‌دا بەتێروتەسەلی ئه‌نجامى سەردانی شاندێكی لیژنەكه‌ بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌میحوەری پردێ خرایەڕوو، ھەر پەیوەست بەو پرسه‌ لیژنە بڕیاریدا سەردانی سه‌رجه‌م میحوەرەکانی ھێزی پێشمەرگە بکات بۆئەوەی لەنزیکه‌وه‌ ئاگاداری دۆخی ئەوان بێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەكه تایبەت بوو بەخستەڕووی راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی کەئەو ھەنگاوانەی له‌خۆگرتبوو، پێداچوونەوە بەدۆسییەی خانەنشینان و کەمئەندامان و پەکكەوتەی سەنگەر، گۆاستنەوەی دۆسییەی شەھیدان، بابەتی دوو مووچەیی، کردنەوەی یەکەی ژمێریاری لەوەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەی پاسەوانان، هه‌ماھەنگیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی ھاوپەیمانان کە لەبڕگەو بابەتەکانیدا لەگەڵ یاسای چاکسازی یەکدەگرنەوە.